هاوینە هەواری گەلی عەلی بەگ، دەکەوێتە سنوورى قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران. کە (١٠٦)کم لە ناوەڕاستی شاری هەولێرەوە دوورە، بە بەرزی (٢١٢٥)م لە ئاستی رووی دەریاوە، بە یەکێک لە هاوینە هەوارە سەرنجڕاکێشەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان چیای کۆڕەک و برادۆست بە درێژایی (١٢)کم، شوێنەکە بە بەرزی (٨٠٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە، پلەی گەرمای دەگاتە (٣١)پ.س لە هاویندا و (-١٠) لە زستاندا. لەم شوێنەدا دوو ڕووبار بەیەک دەگەن، یەکیان لە دۆڵی ئالانە سەر بەقەزای خەلیفان، لەگەڵ ئەویتریان کە لە قەزای رواندوز هەڵدەقوڵێ کە ئاوی بێخاڵە و زێی گەورە پێک دەهێنن. سەرەڕای تاڤگە گەورەکە چەندان تاڤگەی بچووکی تری تێدایە. ئەم شوێنە بە سروشتە شاخاویەکەی و دارو بارە جۆراو جۆرەکەی، بووەتە شوێنێکی گەشت و گوزاری، کە خەڵکی زۆر ڕووی تێدەکەن لەوەرزی هاویندا بەتایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێڕاق.
کانی ماران ناوچەیەکی دڵڕفێنی سەر بە قەزای ناوەندی سۆرانە، دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای شارەکە. بە گشتی هاوینەهەوارەکانی ناوچەی کانی ماران نزیک لە هەوارگەی گەلی عەلی بەگ، بە هۆی فێنکی ناوچەکە و بوونی چەندین کانی و سەرچاوەی ئاوی لەسەر ڕێگاو ناوچەکانی، بووەتە بەشێک لە سەیرانگە دیارەکانی ئیدارەی سۆران. ساڵانە لە وەرزی هاویندا چەندین گەشتیار رووی تێ دەکەن.
چیای حەسەن بەگ دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری سۆران سەر بە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆرانە، بە یەکێک لە چیا بەرزەکان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ناوچەیە دادەنرێت، بە هۆی دڵڕفێنی شوێنەکە و مانەوەی بەفر لە وەرزی زستان لەو چیایەدا، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێ دەکەن، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی یاری سەرکێشی ماتۆڕسواری لە دامێنی چیاکە بەرەو لوتکە. ئەمە جگە لە وەرزی هاوین کە خەڵکی بە مەبەستی گەشت و سەیران بەهۆی فێنکی چیاکەوە سەردانی دەکەن.
چیایی زۆزک، دەکەوێتە باشوری کوردستان و سەر بە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆرانە. رووە گەورەو دیارەکەی بەسەر قەزای ناوەندی سۆران و قەزای رواندوز دەڕوانێت و بەشی پێشەوەی و بڵندەکەی بەسەر گوندی بەرزێوەی باڵەکایەتی ئەڕوانێت، بەشی پشتەوەی شاخەکە بە گوندەکانی سیتکان و چیایی حەسەن بەگ دەورە دراون.
چیایی زۆزک نزیکەی (١٨٩٢)م لەئاستی رووی دەریاوە بەرزە. پلەکانی گەرما لە وەرزی زستاندا زۆر نزم دەبێتەوە، ئەوەش هۆکاری سەختی چیاکەیە، کە لەم وەرزەدا رێژەیەکی زۆری بەفروباران دەبارێت و بووەتە جێگای گەشتیاری لە وەرزی زستاندا.
پارکی گۆڵان، بە دووری (٣)کم دەکەوێتە باکوری رۆژئاوا لەسەنتەری شاری سۆران، پارکە جوان و سەوزەکەی ئەم شارە لەسەر ڕووبەری (٤٥٠٠٠)م٢ دروست کراوە، لە چەندین یاری جۆراو جۆر پێکهاتووە بۆ گشت تەمەنەکانیش گونجاوە. بۆ بەسەر بردنی کاتی خۆش خەڵکی ناوچەکە رووی تێدەکەن لە وەرزی هاوین تا درەنگای شەو کراوەیە و لە خزمەت گەشتیاراندایە.
گەلی ئالانە، دەکەوێتە رۆژئاوای شارۆچکەی خەلیفان لە سەر ڕێگای (خەلیفان –بالیسان)، (١١٠)کم دوورە لە شاری هەولێر. رووبای ئاڵانە بە چەند رێگایەکی جواندا تێپەر دەبێت کە دیمەنی زۆر جوانی هەیە، چەندەها شوێنی گەشتیاری لێ دروست کراوە و لەگەڵ بوونی کەپری گەشتیاری، گەشتیاران لە تەواوی عێراقدا سەردانی دەکەن بەتایبەت لە وەرزی هاوین.
دۆڵی مەلەکان، شوێنێکی گەشتیارییە لە قەزای خەلیفان سەر بە ئیدارەی سۆران، نزیکەی (١٢٠)کم لە شاری هەولێر دوورە. بەزۆری ڕێژەی دارو ئاو هەوایەکی خۆش ناسراوە، گەشتیاران لە تەواوی عێراقدا سەردانی دەکەن بۆ مەبەستی سەیران بەتایبەت لەوەرزی هاوین.
هاوینە هەواری بێخاڵ لە سنوورى قایمقامیەتی قەزای رواندوز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران، کە (١١٢)کم لە چەقی پارێزگای هەولێرەوە دوورە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی هاوینە هەواری گەلی عەلی بەگ، بە دووری (١٠)کم لە رۆژئاوای قەزای رواندز و (٧)کم لە قەزای خەلیفان. بە گشتی پلەی گەرمای لە (٣٢) پ.س بەرز نابێتەوە لە هاویندا. دەتوانن بە دوو رێگای سەرەکی بگەن بە هاوینە هەواری بێخاڵ یەکەمیان، لە رێگای گەلی عەلی بەگ و دووەمیان، لە ڕێگای ڕواندز. لەم هاوینە هەوارە تاڤگەیەکی ڕوون و گەورە هەیە کە بە درێژایی شاخەکەی داپۆشیوە، شوێنێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، خەڵکی لە سەرەتای بەهاردا رووی تێدەکەن تا کۆتایی هاوین.
ئەم شوێنە لە سنوورى قایمقامیەتی قەزای رواندوز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆرانە. دەکەوێتە باکوری شاری هەولێر بە دووری(١١٤)کم و (١)کم لەسەنتەری شاری رواندز. لەبەرزای (١١٠٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە دروستکراوە، چەندین جۆری خانووى گەشتیارى لە خۆدەگرێت لە شێوەی (٦) دانە تایبەت ، (٥٨) خانووی خێزانی، (٣٨) خانووی یەک کەسی، (٩) خانووی فلندی دبل، (٢٧) کابینە هۆڵی داخراو، (٣٣) یاری منداڵانی تێدایە لەگەڵ (٤) یاری کە بوونی نییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک (شنگل پانک، شنگل پوپ، شنگل بانە، زیب لاند). لەگەڵ دوو هۆڵی بۆنەکان (٣) شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر لەسەر رووبەری گشتی (٧٨٣،٦٣٣)م چوارگۆشە دروستکراوە.
چیای کۆڕەکی گەشتیاری، دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای قایمقامیەتی قەزای رواندوز لە ئیدارەی سۆران. بەدووری(١١٠)کم لە هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە. چیاکە (٢١٢٧)م لە رووی ئاستی دەریاوە بەرزە، بە رێگای تەلەفریک گەشتیاران بەسەر دامێنی چیاکە سەردەکەون کە درێژی تەلەفریکەکە (٧٣٠٠)م، رێگای چوون و هاتنی بەماوەی (٤٠)خولەک دەچێت و دێتەوە.
چەندین یاری ناوازە لە خۆ دەگرێت کە جیهانین و ناسراون. لەگەڵ (٩٢) ڤێلا و (٤٤) یەکە کە شوێنی (٥٠٠) کەس دەبێت، چێشتخانەو کافێشی تێدایە. بە هۆی بارینی رێژەیەکی زۆر بەرزی بەفر لەم ناوچەکە بووەتە لانکەی گەشت لە وەرزی زستاندا.
خەرەند دۆڵێکی سروشتی قوڵە، دەکەوێتە هەردوو لای شاری رواندز، بەدووری (١١٦)کم لەشاری هەولێرەوە دوورە. لەئاستی رووی دەریا (٦٨٠)م بەرزە، کە بەشی نێوان (سۆران-رواندوز) گەلی خارەڕەشی پێ دەگوترێت و ئەوی تریان خەرەند.
گەلی ئاکۆیان، سەر بە قایمقامیەتی قەزای رواندزە، بە دووری (١١)کم لەسەنتەرى قەزاکە، هەروەها (١٢٧)کم لە هەولێری پایەتەختەوە دوورە، نزیکەیی (٩٨٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە. بە زۆری ڕێژەی داروبارەکەی ناسراوە وەک (گوێز، هەرمێ، قیسی، هەنار). بە گشتی کەش و هەوایێکی خۆش و فێنکی هەیە، بویەش لە هاویناندا خەڵکی زۆر رووی لێ دەکەن بۆ مەبەستی گەشت و سەیران.
سەیرانگای جندیان دەکەوێتە سنوورى قەزاى ڕواندز، لە ئیدارەى سۆران، بە دووری (١١٧)کم لەشاری هەولێر، بەزۆری رێژەی سەوزای ناسراوە و کەش و هەوایەکی خۆشی هەیە، ئاوەکەی لە قووڵای (٣٠-٥٠)م لە ئەشکەوتێک هەڵدەقولێت کە دیمەنێکی زۆر جوانی داوە بە ناوچەکە، لەوەرزی پایز وشک دەبێت و لە بەهاردا دووبارە بەدیار دەکەوێت، بە ڕێژەیەکی زۆر تا ئێستاش سەرچاوەکەی نازانراوە لە کوێیەوەیە، گەشتیاران لە گشت عێراق سەردانی دەکەن و ناسراوە لە جیهانیشدا.
سەیرانگاکانی زینی وەرتێ سەر بە قایمقامیەتی قەزای رواندز لە ئیدارەی سۆران، بە دووری (١٣٦)کم لە شارى هەولێر، کۆمەڵێک شوێنى گەشتیارى سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت، ئاو و هەوایەکی ساردو سازگاری هەیە و گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەکەن.
پردی بەرسیرین، پردێکە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی شاری سۆران سەر بە قەزای رواندز، بەدووری (١٢٥)کم لە هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە. سەرەتا ئەم پردە بۆ پەرینەوەی سەرنشینانی گوندەکە دروستکرابوو لە سەردەمى میرنشینى سۆران، کەچی ئێستا سەرەوەى پردەکە بە شێوەى ئاسنی دروست کراوەو ئەوەیان وەک شوێنەوارێک ماوەتەوە و خەڵکی بۆسەردانکردن دەچنە شوێنەکە و بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران.
ئەشکەوتی بەستوون، دەکەوێتە زنجیرە چیای برادۆست سەر بە قایمقامیەتی قەزای سیدەکان، بەدووری (١١٦)کم لە باکوری رۆژهەڵاتی پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە، بۆ گەیشتن بە ئەشکەوتی بەستوون دەبێت دوو رێگا بگرینە بەر، رێگای یەکەم، لە سپیلک بەرەو خەلان و بیاو بەرەو چیای برادۆست سەردەکەویت، رێگای دووەم، دەست پێدەکات لە کۆتایی زارگەلی بەرەو سۆران بە رێگایەک کە بەرەو هاودیان و سارداو درێژەی هەیە، بە ریَِگایەکی چەپا و چەپ سەردەکەویت بۆ چیای برادۆست، رێگاکە بۆ ئۆتۆمبێلى بچوکیش دەبێت قیڕتاو کراوە، تا بەردەرگای ئەشکەوتەکە. هەر لە کۆنەوە بوەتە شوێنێکی مێژووی و گرنگ، وەک یەکێک لە ناوچە دێرینەکانى هەرێمی کوردستان ماوەتەوەو پارێزراوە.
ئەشکەوتی دیان، ئەشکەوتێکە دەکەوێتە حەشارگەی چیای برادۆست لە ئیدارەی سۆران. ئەم ئەشکەوتە دەرگا دەروازەکەی زۆر لە دەمی مرۆڤ دەچێت، لە ناوەڕاستەوە (٢) م بەرز دەبێتەوە و درێژ دەبێتەوە بۆ دەرگاکە.
تا پانی (٥)م، بەرزبوونەوە و دابەزین و گۆڕانکارییەکی سەیر لە زەویدیەکەیدا بوونی هەیە، حەوزێکی بەتاڵی ئاو بەدی دەکرێت، مەبەستێ ئەوەیە کە دڵۆپە ئاوێکە دروست دەبێت کە لە ڕووی ئەشکەوتەکەوە دێتە خوارەوە، ڕەنگە چارەسەرێک بێت بۆ جۆرێک لە نەخۆشی، چونکە لەسەر ڕووی ئەشکەوتەکە هەڵدەقوڵێت. جوانییەکی تایبەتی هەیە ئەشکەوتەکە، کە فلاشی گڵۆپی کامێرا و چرای دەستی ڕەنگدانەوەی لەسەرە. لەناو ئەشکەوتەکەدا چاڵێکی کوێر هەیە، بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە پێی دەوترێت (زیندوور)، دەڵێن چاڵەکە بنی نییە. ئەشکەوتی دیان جیا لە مێژووە دێرینەکەی هۆکاری سەرەکی ڕاکێشانی چاوی گەشتیار بووی سەیرو سەمەرەکەیەتی.
بەرزترین لوتکەیە لە ئاستی عێراق، بەدرێژای ساڵ بەفری لێ دەمینێتەوە و گۆماوی ئاوی سارد و سازگاری لێیە سروشتێکی دڵ ڕفێنی هەیە، بەرزی لوتکەکە (٣٦٠٧)م لە سەر ئاستی رووی دەریایە، بە دووری (١٨)کم دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت. لوتکەی هەڵگورد دەکەوێتە ناو بازنەی کوێستان و باغی نیشتیمانی هەڵگورد سەکران لە کوردستان، وەک چیا، شاخ، کێوێک هێمایەکی شکۆداری و سومبولی شۆڕش و کوردایەتی دەنوێنێ. سنووری دەکەوێتە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستان.
ئەو چیایە دەکەوێتە قەزای چۆمان، چیای هەڵگورد بەدیمەنێکی شاخاوی لە زستان و بەهاردا دەنازێت، لوتکەی بە بەفر دادەپۆشرێ و لە هاوینیش دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و تەنانەت خەڵکێکی زۆر حەز بەسەیرانی ناوچەکانی دەوروبەری ئەو چیایە دەکەن.
دەکەوێتە سەر ڕێگای سەرەکی حاجی ئۆمەران، لە نزیک سنووری ئێران سەر بە قایمقامیەتی قەزای چۆمان. لە نزیک مەزارگەکانی سەرچاوەی ئاوی هەن هەر بۆیەش زۆرجار بە ئاوی شێخی باڵەک دەناسرێت. کە بۆ چارەسەری گورچیلە بەکاردێت. ساڵانە گەشتیاران سەردانی دەکەن بە مەبەستی گەشت.
بە دووری (٣) کم دەکەوێتە سنوورى ناحیەی قەسرێ، سەر بە قایمقامیەتی قەزای چۆمان. بە جوانترین بەرزترین تاڤگە دادەنرێت بە جۆرێک لە دورەوە دەبینرێت بە هۆی بەرزیەکەی لە سروشتێکی جوانی ناوچەکە بە باڵاکەی خۆی دەنازێت و هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە هۆی راکێشانی گەشتیاران.
بە دووری (١٣٧)کم دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتى شاری هەولێر، سەر بە قایمقامیەتی قەزای چۆمانە لە ئیدارەی سۆران. لە سنوورى ناحیەی سمیڵان، لە دامێنی لوتکە چیاى هەڵگورد، دیمەنی جوانی و سروشتەکەی زۆر دڵرفێنە.
گەلی سەکران دەکەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای چۆمان، لە ئیدارەی سۆران و بەدووری (١٧٠)کم لە شاری هەولێری پایتەختەوە دوورە. کەش و هەوایەکی زۆر خۆشی هەیە لەگشت شوێنێکی عێراق سەردانی دەکەن، پلەی گەرمى (٢٥) پلەیە لە وەرزی هاویندا.
دەکەونە دامێنی چیای سەکران، لەسنووری قەزای چۆمان بەدووری (١٨٠)کم لەهەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە. ئەشکەوتی بەفری پانی (٥)م دەبێت بەرزی (٢-٤)م دەبێت، بە قوڵی (٣٠-٥٠)م. پلەی گەرمی ناوەوەی ئەشکەوتەکە لە(٥) پلە تێپەر نابێت بەهۆی زۆری بەفر بارین لە ناوچەکەدا تاڤگەی پڕژە دروست دەبێت، بەدووری (٤٠٠) موتر لەسەروی تونێلە بەفرینەکان وەک دڵۆپی باران بۆ ناوەوەی ئەشکەوتەکە جوانیەکی تری داوەتە ئەم شوێنەیە.
گۆمێ فێڵاو، دەکەوێتە دامێنی بناری چیای سێکێڵ و چیای حەساری سەکران سەر بە قایمقامیەتی قەزای چۆمان لە ئیدارەی سۆران، بە دووری (١٦٠)کم لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر، ئەم گۆمە زیاتر لە (٣٠٠٠)م لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و بە یەکێک لە بەرزترین گۆمەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت. گۆمەکە رێگەیەکی سەخت و دژواری هەیە و دوای چەند کاتژمێرێک بەپێ رۆشتن ئەوکات گەشتیار دەتوانێت بگاتە سەر گۆمەکە، بەڵام جوانی دیمەنی ناوچەکە، فێنکی ئاووهەوای ناوچەکە، سەختی و زەحمەتی رێگای سەرکەوتن و گەیشتن بە گۆمەکە هیلاکی لە جەستەی گەشتیاران دەڕەوێنێتەوە. هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و مانەوەی بەفری سەر چیاکانی دەورووبەری، وای کردووە لەم گەرمایەی وەرزی هاویندا کە پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە(٣٠-٤٠) پلەی سیلیزی، بەڵام لەم ناوچەیەدا لەئێستاشدا نزمترین پلەی گەرمی هەیە کە نزیکەی (١٠) پلەی سیلیزییە. ئەم گۆمە لە چوار وەرزەی ساڵ بەتایبەت وەرزی بەهار دیمەنێکی سەرنجڕاکێش و ناوازەتری هەیە، کە دیمەنی چیا و دار و سروشتی ناوچەکەى لەناو ئاوەکەدا نەخشاندووە، هەروەها لە وەرزەکانی هاوین پاشان پاییز و زستانیش بەردەوام گەشتیاری خۆی هەیە و جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە ناوچەکانی تری عێراقیشەوە گەشتیار رووی لێدەکات و زۆربەشیان شەو لەو ناوچەیە دەمێننەوە.
مەزارگەی نەمران لە بارزان (١٥٢)کم لە شاری هەولێری پایەتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە، ساڵانە هەزاران کەس لەناوەوە و لە دەرەوەی هەرێم سەردانی دەکەن، لە کۆنەوە تا ئێستاش لەم شوێنە هۆڵی پێشوازی و مۆزەخانەو کتێبخانەشی لێ دروست کراوە، بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە کە لە ژێر (٣) گومبەت دانە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پارچەکانی کوردستانی دیکەو نەخشەی کوردستانیش لەشێوەی نافورە و حەوزی ئاو دروستکراوە.
ئەم شوێنە دڵگیرە دەکەوێتە لەسەر زێی گەورە لە ڕێزان، لەسەر ڕێگای سەرەکی بۆ بارزان بەدووری (١٣٠)کم لە شارى هەولێر، گشت پێداویستی گەشتیاری تێدا فەراهەم کراوە لە هۆڵی وەڕزشی، گەرماوی هەڵمی، ساونا، مەلەوانگە، پێشکەشکردنی هەموو جۆرێکی خواردنی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی لە سروشتێکی دڵڕفێن لەژینگەیەکی پارێزراو لە گشت روویەکەوە دەبینرێت لە ناوچەکەدا.
گەلی زۆرەگڤان، دەکەوێتە سنوورى قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سۆران. بەدووری (١٣٨)کم لە پارێزگای هەولێر، هاژەی ئاوی تاڤگەکان جوانییەکی تر دەخەنە سەر جوانی ئەم گەلیە و لە گشت وەرزەکانی ساڵدا ڕازاوەیەوە دیمەنی تایبەت بە خۆی هەیە، هەربۆیەش بووەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران.
ناوچەکەیەکی گەشتیاری کراوەو فێنکە، ئەم ڕووبارە دەکەوێتە دەڤەری بارزان سەر بە قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر لە ئیدارەی سۆران. بەهۆی بوونی چەندین کەپری گەشتیاری و ئاو و هەوایێکی لەبار بۆ گەشت، ساڵانە لە وەرزی هاویندا بە سەدان گەشتیار لە خێزان و گەنجان روو لەم ناوچەیە دەکەن. چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش بەو ناوچە و ڕووبارەکە دەکرێت، هەر بویەش بەردەوام لە نوێبوونەوەو فراوانبووندایە، هەم لە ڕووی جوانی ناوچەکە و هەم لە ڕووی فراوانبوونی ڕێژەی گەشتیارەوە.
ئەشکەوتی شانەدەر لە چیای برادۆست سەر بەقەزای مێرگەسۆر. بە دووری (١٤٥)کم لە پایتەختەوە دوورە، دەکەوێتە ئەوپەڕی باکوری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، لە رۆژئاوای ئەم ئەشکەوتە زێی گەورە هەیە کە بە (٣)کم لێی دوورە، لە ڕۆژهەڵاتیش قەزای مێرگەسۆر، لە باشوری رۆژهەڵاتی دێی شانەدەرە کە(٤)کم لێی دوورە، (٤٢)کم لە قەزای خەلیفانەوە دوورە، بە گشتی (٨٢٢)م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سروشت و بەرزی و نزمی ئەشکەوتی شانەدەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوچەیەکی نیمچە دۆڵی و پێشەوەی ئەشکەوتەکە، شێوەی سێگۆشەیە بەرزییەکەی (١٨)م و پانییەکەی (٢٥)م، تیشکی خۆر زۆر بە ئاسانی دێتە ژوورەوە، هەر چەندە بەرەو باکور بڕۆین تەسک دەبێتەوە، لە دەرگەی ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەبێ لە سەر سک پاڵکەویتە سەر زەوی و ئینجا بچیتە ژوورەوە، لە دەرگەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە دار و درەخت و گژو گیای لێیە، چیای پێرس و گوندی نەزاری دەکەونە بەرامبەر ئەشکەوتەکە.
شوێنێکی گەشتیاریە دەکەوێتە سنوورى قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر سەر بە ئیدارەی سۆران، بە دووری (١٢٨)کم لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە. شوێنێکی کراوەو دڵڕفێنە لە دەست پێکی وەرزی بەهار تا کۆتایی وەرزی پایز سەردانی دەکرێت، لە بەر سروشتی جوانی و کەشوهەوای سازگار ناوچەیەکی سنووریە نزیک لە بەرزایەکانی تورکیا بە چەند گوندێکدا تێپەر دەبیت، تاکو دەگەیتە مەیدانۆک وەک (بەبیل، شێتنە، شێخان، زینی، بۆکران).
ناوچەیەکی مێژووی و خاوەن چەندین کەل و پەلی دێرینی کۆنە، کە لە سەردەمانی شۆڕش، ئاوارەیی، دەربەدەری، ژیانی چیاکانەوە بۆ بوونی کوردایەتی لەو ناوچەیە پارێزراوە و هەڵگیراوە. مۆزەخانەی یادگەی نیشتیمانی دەکەوێتە ناحیەی بارزان لە قەزای مێرگەسۆر لە ساڵی (٢٠٢٣)ز دروستکراوە. هۆکاری دانانی ناوی یادگە دەگەڕێتەوە بو سپاردن و گوزارشتی ئەو نامەیەی کە ئاماژە دەدات بە مانەوەی گەلی کورد وبەردەوامی پێکەوە ژیان و هێشتنەوەی ئاشتی لە نێوان تاکەکانی کورد وەک هێزی بەرخودان و شۆڕشگێری لە هەمبەر تواناو خۆراگری گەلی کورد، لە ئاست ئەو ژیانە سەختەی پێیدا تێپەریوون.
پێکهاتووە لە چەندین سەرچاوەو پاشماوە بۆ سوودمەندبوون و گۆزەرکردن بە نێو مێژوودا. هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جێگای تایبەتی بۆ کۆنفڕانس، پێشانگا، شوێنی سەردانیکردن هاووڵاتیان. جگە لە چەندین پەرتووکی ئامادەکراو و ئەلیکترۆنی.
ئەم مۆنومێنتە، دەکەوێتە ناحیەی بارزان سەر بە قەزای مێرگەسۆر، دەرخەری ئازار و نەهامەتیەکانی چەندین تاکی بارزانییە، کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی عێراق، رژێمی بەعسی نزیکەی (٨٠٠٠) تاکی بارزانی بەر لێشاوی کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردن بوونەوە، دوورخرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لە زێدی باب وباپرانیان دەرکراون و شەهید و ئەنفالکراون. ساڵانە لە رێککەوتی ٣١ی تەمووزدا بە چەندین رێورەسمی شایستە یادی ئەم زامە لەبیر نەکراوە دەکرێتەوە کەبە جینۆسایدی بارزانی ناسراوە لە تەواوی مێژوودا.