حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری ''هەژماری من''ی راگەیاند، کە پڕۆگرامێکی گشتگیری داراییە، بە مەبەستی دابینکردنی رێگایەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ فەرمانبەران، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی کەرتی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە مووچەکانیان.
ئامانج لە پڕۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراترکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە، کە بەشێکی سەرەکییە لە دیدگای مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.
پرۆسەی ناو تۆمارکردنی #هەژماری_من بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستی دیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بانكی ئازادی دەستیپێکرد و رۆژی سێشەممە 21ی تشرینی دووەمی2023، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، سەردانی بانکی ئازادی لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد و لە رێگەی سیستەمی نوێی پێدانی موچە ناوی خۆی تۆمار کرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب
پێداویستیەکانی ناو تۆمارکردن بۆ هەژماری من، ئەمانەن:
- کارتی نیشتیمانی
- کارتی زانیاری
- پاسپۆرت (ئەگەر هەبێت)
هەر مووچەخۆرێک کارتی نیشتیمانی نەبوو، پێویستە ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆی ببات:
- ناسنامەی باری شارستانی (نفوس یان هویە)
- ڕەگەزنامە (جنسیە)
- کارتی زانیاری
- پاسپۆرت (ئەگەر هەبێت)
هەر سەردانکەرێک دەبێ مۆبایلەکەی لەگەڵ خۆی ببات و ژمارە مۆبایلێکی کارای لەسەربێت، چونکە کۆدی بۆ دێتەوە، سەرجەم بەڵگەنامەکان ئەسڵی بن و ناونیشانی کاری (عنوان وضيفي)خۆی بزانێت. هەڵبژاردنی بانکەکان بە دڵخوازی فەرمانبەرەکە دەبێت.
بانکەکان ئەمانەن: ( بانکی ئار تی RT Bank، بانکی جیهان Cihan Bank ، بانکی ئاشور Ashur Bank، بانکی بی بی ئەی سی لوبنانییBBAC Bank
بەهۆی ئەم دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف، لە ڕێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارە(ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات، کە ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی. بەم کارە پارەدان بۆ نزیکەی یەک ملیۆن فەرمانبەر، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە وکارایی حکومەت و شەفافیەت زیاتر دەکات.
سودەکانی پڕۆژەکە:
ئەم پڕۆژەیە چەندین سودی جۆراو جۆری بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لە بواری ئاسانکاری و سەلامەتی هەژمارەکان دەبێتە هۆی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و لە کاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر. هەروەها توانای دەستڕاگەیشتن بە پارە لە هەر شوێنێک بە بەکارهێنانی بانکی مۆبایل - ئەنتەرنێت بەبێ سەردانی لقەکان.
هەروەها کاریگەری دەبێت لە سەر داهاتی زیادە لە دانانی پارەی نەختینەیی ناکار لە پاشەکەوتدا و کڕینی کاڵا یان خزمەتگوزاری یان پارەدان بە خەرجییە کەسییەکان لەڕێی قەرزی ئاسانەوە. هەروەها لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پارە بدرێت بۆ کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە ئۆنلاینەکان و حەواڵە لە نێوان هەژمارە جیاوازەکان و وەرگرتنی حەواڵەی نێودەوڵەتی بێ ئەوەی پێوست بە سەردانی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بکات.
لە هەمانکاتدا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی هاووڵاتیان لە کەرتی بانکیدا و هەنگاو بە هەنگاو زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە و خەرجی بەکاربەرانیش بەهۆی زیادبوونی قەرزی تاکەکەسی زیاد دەبێت و دەرفەتی کاری زیاتریش لە کەرتی بانکیدا دەڕەخسێنێت.