دوو پڕۆژەی گرنگ بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کاریان لەسەر دەکریت.
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، پێشوازی لە کونسووڵی گشتی هۆڵەندا لە ھەرێمی کوردستان (یاکۆ بیرێندز) و بەرپرسی ئابوری کونسوڵخانە کرد.
لە دیدارێکی نێوان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و کونسوڵی هۆڵەندا باس لە گرنگیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری جوگرافی، بازرگانی و ئابوورییەوە کرا و پێشخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتر، گفتوگۆیان لەسەر کرا.
هەروەها لە تەوەرێکی دیکەدا، باس لە دوو پڕۆژەی گرنگ کرا، لەوانە:
- دابینکردنی کارەبا لە رێی وزەی خۆر بۆ گوندەکان، کە لە بواری پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا، پرۆسەیەکی نێودەوڵەتییە.
- پڕۆژەی دووەمیان: بەکارهێنانەوەی ئاوی قوڕسە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەروەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند:" لەو بوارەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و پرێسنتێشنێکیش لەو بوارەدا پێشکەش بە کونسوڵی هۆڵەندا کرا و بە خۆشحاڵییەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ پڕۆژەکانمان پیشاندا".
هەریەک لە جێگری سەرپەرشتیار حەکیم تێلی و قائیمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سۆران، سەرۆکی شارەوانی سۆران و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ، تیمێکی زانکۆی سۆران لە دانیشتنەکە ئامادەبوون.