ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب و جێگری سەرپەرشتیار، ڕۆژنامەنووسانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەشێک لە قوتابیانی پەیمانگا و زانکۆی سۆران بە بۆنەی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی و ٢٦ ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە هۆڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە لایەن بەشی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سۆران مەراسیمێکی میدیایی ساز کرا.
دوای پێشکەشکردنی وتاری بەخێر هێنان لەلایەن سکرتێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سۆران؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە میانەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە دیاریکردنی سنورەکانی ئازادی دەربڕین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی میدیا لە کوردستان کرد بە پشت بەستن بە یاسا و ڕێساکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و حکومەت.
لە مەراسیمەکەدا پانێلێک بە ئامادەبوونی هەریەک لە پانێڵیستەکان پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر محەمەد خدر مەولوود مامۆستا لە پەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین، ئیسماعیل ئیبراهیم بەرپرسی نووسینگەی سۆرانی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان و دکتۆر هەڵمەت باییز مامۆستا لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو.
هاوکات هەر لە پانێلەکەدا، چەندین ڕاو بۆچوون و پێشنیار خرانەڕوو و گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تایبەت کرا، زۆربەی سەرنج و بۆچونەکانی بەشداربووان ئەوە بوو کە کار لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی کاری میدیا لە کوردستان ڕێکبخرێتەوە.