ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، قائیمقامی قەزای ڕواندز، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی سۆران، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران و بەرپرسانی دیکەی حکومی و حزبی، پیاوماقوڵان و هاوڵاتیانی دەڤەرەکە بەردی بناغەی پێنج پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ڕواندز داندران.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وێڕای پیرۆزبایی لە هاوڵاتیان بۆنەی رۆژی رواندز و دانانی بەردی بناغەکان، وردەکاریی پڕۆژەکانی خستەڕوو.
هاوکات، رایگەیاند:" رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بە ناحیەبوونی دۆڵی ئاکۆیان کراوە و وەک مژدەیەک رایدەگەینین، هەروەها دەستی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەم ناوچەیەش زیاتر دەبن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاشیگەیاند، کە لە ماوەیەکی نزیکدا بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی دیکەی ستراتیجی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دادەنێن.
ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بەردی بناغەکانیان دانران ئەمانەن:
* پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان.
* قێرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی رێگای گوندەکانی سەران، گەرەوانی خواروو، ئاکۆیان، فەقیان، ئاوی کەون، گەرەوانی سەرو لە سنووری قەزای رواندز.
* چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی سەنتەری قەزای رواندز.
* نۆژەنکردنەوەی یاریگای ١١ یاریزانی رواندز.
* کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گوندەکانی بەرزێوە، ماویلیان و جوندیان.