رۆژی دووشەممە ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٤، لە ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان، دیداری شانەدەر (shanidar platform) سازکرا، کە لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخرابوو.
ئەشکەوتی شانەدەر
دیدارەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و هەریەکە لە بەڕێزان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، حەمە سەعید حەسەن وەزیری ڕۆشنبیری و ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، فەریق سیهاد بارزانی، ھەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک لە کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکومی و حزبی و سەربازی و میوانانی بیانی و نێوخۆیی بەشداربوون.
لە دوو وتاری جیادا، ھەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەیان بە گرنگی دۆزینەوە نوێیەکانی شانەدەر کرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران سوپاسی پاڵپشتی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو تیمە کرد کە رۆڵی گرنگیان ھەبوو لەم دۆزینەوە گرنگەدا.
لە دیدارەکەدا توێژەرانی بواری شوێنەوارزانی کە لە لایەن پرۆفیسۆر گرایم بارکەر لە زانکۆی کامبریجەوە سەرپەرشتی کراون تیشکیان خستە سەر ئەنجامە نوێیەکانی ئەشکەوتی شانەدەر و چۆنیەتی دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤە نیاندەرتاڵییەکان و ئەو ئافرەتەی کە مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ ٧٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا کە لە ئەشکەوتی شانەدەر ژیاوە، ناونراوە شانەدەر Z.