ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی حوزەیرانی 2024، بە ئامادەبوونی هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و نوێنەرانی دەزگای ڕوانگە و سەرۆکی زانکۆی سۆران و بەرپرسانی دیکەی حکومی و حزبی ئیدارەی سۆران، پێشەنگای هەلی کار له سەنتەری کار و ڕاهێنانی پیشەیی سۆران لەژێر ناونیشانی (پڕۆژەی بەهێزکردنی لاوان: پەرەپێدانی تواناکانیان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر) کرایەوە تێدا کۆتایی هات بە خولی مارکێتینگ.
خولەکان بەمەبەستی پێکەوە بەستنەوەی کارخوازان و پڕۆژە بچووکەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دوای وەرگرتنی ڕاهێنان لەلایەن دەزگای ڕوانگە بۆ ماوەی 45 ڕۆژ بەهاوکاری ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی بۆ 64 کەس کرابووەوە، ئەو کەسانەی کەوا بەشداربوون بەشێکیان خاوەن پێداویستی تایبەت بوون، ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی خولەکان هەلی کار بۆ بەشداربووان دەڕەخسێت بۆ ماوەی 6 مانگ.
بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی سۆران چەند خولێکی جیاوازی کردووەتەوە کە ئامانجی پڕۆژەکە بەهێزکردنی لێهاتوویی و زانیاری لاوانە کە پێویستن بۆ خۆشگوزەرانی لە بازاڕی کاردا، برەودان بە سەقامگیری ئابووری و پەروەردەکردنی کۆمەڵگایەکی گشتگیر و ئاوەدانتر.
خولەکانیش وەک (خولی مارکێتینگ، خولی دروومانی ئافرەتان، خولی هونەری چێشتلێنان، خولی مۆبایل و کارەبا، خولی گەشتوگوزار).
لە کۆتایدا بڕاوانامە بەخشرایە بەشداربووانی خوولەکان.