ڕۆژی سێشەممە 30ـی تەمموزی 2024، لە هۆڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە مەڕاسیمێکی تایبەتدا کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران ڕێکخرابوو، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران، دیاری و خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە 13 قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی (زانستی و وێژەیی) سەر ئاستی پەروەردەکانی سنووری ئیدارەی سۆران و قوتابخانەکانیان.
لە مەڕاسیمەکەدا کە هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جێگری سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سۆران و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای ڕواندز و قائیمقامی قەزای خەلیفان و بەرپرسانی حکومی و حزبی، ئامادەیبوون، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند وتەیەکی پێشکەش بە قوتابییە یەکەمەکان و ئامادەبووان کرد و گوتی: خۆشحاڵم ئەمرۆ لەگەڵ پۆلێک لە قوتابیە یەکەمەکانی سەر ئاستی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی کوردستان ئامادەین، بۆ ڕێزگرت لە ماندووبون و شەونخونی ئەو قوتابیانە و بۆ هاوکاری و ئەو دایک و باوکانە ئەمڕۆ لێرە ئەم ماندووبونەیان بەرز دەنرخێنین.
هەستی نەتەوایەتی لە پێش هەموو شتێک دابنێن
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی، سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەو قوتابیانەی کە ئەمڕۆ لێرە ئامادەن و لە هەموو ئەو قوتابیانەش کە توانیوویانە قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە سەرکەوتوویی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تەواو بکەن، پیرۆزباییان لێدەکەم، سوپاسێکی تایبەتی بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردە و پەروەردەی قەزاکان و قوتابخانەکانیان دەکەم، کە توانیان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەو پۆلە قوتابیانە نمرەیەکی باش بەدەست بهێنن و سوپاس بۆ ئەو دایک و باوکانە کە منداڵەکانیان گەیاندە ئەو ئاستە کە هەم ئێمە و هەم وڵات و هەمیش بە خۆیان و کۆمەڵگە شانازیان پێوە بکات.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چەند ڕێنماییەکی پێشکەش بە قوتابیان کرد و گوتی: ئێوە وەکو گەنج کە دەچنە زانکۆ وێڕایی خوێندن و بابەتە زانستەکان و سەرکەوتنەکانتان لە ڕووی زانستییەوە، وە پێویستە بابەتی هەستی نەتەوایەتی لە پێش هەموو شتێک دابنێن و هەر ئێوەن لە داهاتوودا ئەم وڵاتە و ئەم شارە بەڕێوەدەبن، شانازیتان پێوە دەکەین.