رۆژی سێشەممە 30ـی تەمموزی 2024، بە ئامادەبوونی بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، بەڕێز د.ناڤسەر بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ، د.شێروان شەریف سەرۆکی زانکۆی سۆران و بەرپرسانی حکومی ، حزبی و کەس و کاری ئەنفالکراوان لە هۆڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مەراسیمی یادی41 ساڵەی کارەساتی جینۆسایدی بارزانییەکان لە لایەن ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهید و ئەنفالکراوان و زانکۆی سۆران، لە ژێر ناونیشانی (جینۆسایدی بارزانییەکان، زامی زیندووی نەتەوەیەک) بەڕێوەچوو، کە تێدا وتاری دەستەی ئامادەکاری لەلایەن بەڕێز د.سیروان زەند یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران ، وتاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە لایەن د.نافسەر پێشکەش کران.
لە مەڕاسیمەکەدا بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوای وتەی بەخێرهاتن ڕایگەیاند، کارەساتی ئەنفال زامێکی سارێژنەبووە، تاوانێکی گەورەیە دژ بە گەلی کورد ئەنجام دراوە، وتیشی بەداخەوە ئێستاش کۆمەڵێک عەقڵیەت ماون کار لەسەر سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد دەکەن کە خەونێکی بەدی نەهاتووە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "یادکردنەوەی کارەساتی جینۆسایدی ئەنفال زۆر گرنگە بۆ بەبیرهێنانەوەی گەنجەکانمان و ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە خەڵکی ئێمە کراوە بۆ ئەوەی ئاشنایەتیان پێ هەبێت و قەدری ئەوەی ئێستا هەیە بزانن.
لە برگەیێکی تری مەراسیمەکەدا چەند شایەتحاڵێک چیرۆکی تراژیدی ڕۆژی ئەنفالکردنی کەسوکاریان و نەهامەتیەکانی ژیانیان بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە.
لە کۆتاییدا پانێڵێک سەبارەت بە کاریگەری جینۆسایدی ئەنفال لەسەر دەرووندروستی و بەرپرسیاریەتی حکومەتی عێراق و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ،هەروەها جینۆسایدکردنی کورد لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی ( کەیسی ئەنفالی بارزانییەکان بە نموونە) بەڕێوەچوو. پانێلیستەکان پێکهاتبوون لە د.کاروان کاکەبرا، کەریم کاوە، د.ئارام وەسانی بەڕێوەبەری پانێل د.محمد حسێن.