ئەمڕۆ دووشەممە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، سەردانی سنووری قەزای چۆمانی كرد و لەلایەن قائیمقامی قەزای چۆمان پێشوازی كرا.
لە دیدارێكدا بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ بەشێك لە دانیشتوانی ناحیەی حاجی ئۆمەران، باس لە چارەسەركردنی گرفتەكانیان كرا؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەسەر راسپاردەی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری کارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان، دڵنیایی دایە هاوڵاتیانی سنووری ناحیەكە، کە کارەبای حاجی ئۆمەران وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە یاوەری سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، سەردانی تیمەكانی پێشوازیی لە زیارەتكارانی ئێرانی لە دەروازەکە كرد و دەستخۆشی لە تیمەكان كرد.
لە لایەكی دیكەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە، سەردانی پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران – چۆمان كرد.
هەریەك لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەری رێگاوبانی سۆران و بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران لە سەردانەكەدا ئامادەبوون.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
٤ی ئەیلول٢٠٢٣