قەزاکانى سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران
پێشەکی:
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان، لە بەشی رۆژهەڵات هاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لە باکور کۆماری تورکیا، لە باشوری ڕۆژهەڵات ئیدارەی راپەڕین و لە باکوری ڕۆژهەڵات ئامێدی وە لە ڕۆژهەڵات ئاکرێ، لە باشور هەولێری پایەتەختی هەڕێمی کوردستانە.
سۆران لە٪٣٠ شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان پێک دینێت. چەند تایبەتمەندییەکی گەشتیاری هەیە لە شوێنەکانی دیکە بوونیان نییە وەک: تاڤگەی کانی بەستێ وەک بەرزترین تاڤگە، کێوی هەڵگورد وەک یەکێک لە بەرزترین چیاکان، لە زنجیرە چیای حسارۆست گۆماوی ئاوی سەرنجڕاکێشی وەک: گۆمی فێڵا، بێکودیان، ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران لە سنووری قەزای چۆمان، دەروازەی نێو دەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و بێرمەکانی سیدەکان، لەگەڵ دەروازەی نێودەوڵەتی زێت لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان. هەروەها بووونی کۆمەڵگای گەشتیاری چیای کۆڕەک، شنگلبانە، هاوینەهەواری جندیان، بێخاڵ، تاڤگەی گەلی علی بەگ کە لە جیهانیشدا ناسراون، لەگەڵ چەندین شوێنی تری سەرنجڕاکێش و ئەشکەوتی مێژوویی کە ئێسک و پروسکی مرۆڤی نیاندرتاڵی لێ دۆزراوەتەوە، وەک ئەشکەوتەکانی شانەدەر، بەستون، دیان. چەندین شوێن و ناوچەى دیکەی میژووی لە ناحیەو قەزاکانی سەر بەم ئیدارەیە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە (٦) قەزا و (13) ناحیە پێک دێت، کە ئەمانەن:
١- قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران ( ناحیەی دیانا).
٢- قایمقامیەتی قەزای خەلیفان ( ناحیەی سرێشمە).
٣- قایمقامیەتی قەزای سیدەکان ( ناحیەی بەرمیزە).
٤- قایمامیەتی قەزای رواندز (ناحیەی وەرتــێ).
٥- قایمقامیەتی قەزای چۆمان ناحیەکانی: (حاجی ئۆمەران، سمیڵان، قەسرێ، گەڵاڵە).
٦- قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر ناحیەکانی: (بارزان، شێروان مەزن، مەزنێ، گۆڕەتوو، پیران).
مێژووی قەزای ناوەندی سۆران:
دەستپێکی قەزای سۆران وەک یەکەی کارگێری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٨٠)ز ، دوای راگواستنی گوندەکانی دەوروبەر لەلایەن رژێمی بەعس ناوچەکە ئاوەدانکرایەوە، رژێم شاری سۆرانی بەمەبەستی مۆڵگەی سەربازی دژی کورد بەکارهێنابوو، کە ئێستاش پاشماوەی سەربازی لێ دەدۆزرێتەوە، ژمارەی دانیشتووانی لە ماوەی (١٠) ساڵی ئەو قەزایە تا دوای ڕاپەرین تێپەڕی نەدەکرد لە (٥٠٠٠) کەس، بەڵام لەو (١٩) ساڵەی ئاوەدانی هەرێم و ئازادی ڕاپەرینی (١٩٩١)ز تا دوایین ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٠)ز گەیشتوەتە زیاتر لە (٢٠٥٠٠٠) دوو سەد هەزار کەس.
ناوی سۆران لە دەوڵەتی میرنشینی سۆرانەوە هاتووە، کە لە ساڵەکانی (١٨٣٠)ز، کە لەوکاتەدا (میر محەمەد) وەک دەوڵەتی کوردی فەرمانڕەوایەتیی کردووە و پایتەختەکەشی لە ڕواندز بووە، ئەو کات بە قەزای (ێدیق) ناوبانگی دەرکردبوو، ناوچەکە لە رووی مێژووییەوە ئەهمیەتێکی تایبەتی خۆی هەیەو ئەو نەتەوە پەرستیە ئێستاش بە دانیشتووانی ناوچەکەوە دیارە.
سۆران مەڵبەندێکی چاکی سەردەمی بەعسی بووە بۆ زۆر کاروباری سەربازی، جەنگ، بەربەرەکانی، راگواستنی کوردنشینەکان بە کارهاتووە، بو نموونە لە کاتی خۆیدا لە بەهاری ئازادی ڕاپەرینی کوردان ، زۆرێک لە خەڵکی ناوچەکە راگواستراون و دوور خراونەتەوە بۆ بازگەکانی دوور لە شار لەبەر ئەوەی بە پێی بڕیارەکانی بەغدا و رژێم وای دەخواست کۆمەڵگایەکی زۆرەمڵێ و بندەست بەرهەم بهێنن، چوار دەوریشی پشتێنەی دڵنیایی خۆیان هەبێت بۆ خواستی تایبەتی خۆیان، دەشتی (دیانا) گونجاوترین و لەبارترین ناوچەبوو بۆ پلانەکانیان، بۆیەش زۆر لە خەڵکی سۆران بەرەو (بارزان، دەڤەری باڵەکایەتی، مێرگەسۆر) نێردان. دواتر دەستیان کرد بە ئەنجامدانی پلانەکانیان لەم دەڤەرە ستراتیژیەدا وەک (دروستکردنی باڵەخانەی سیاسی و عەسکەری، دوکانی شارەوانی بە تایبەت لە کۆمەڵگای گەڵاڵە، دروستکردنی یاریگایەکی گەورە، بەشی رۆژهەڵاتیان تەرخانکردبوو بە کاروبارەکانی قیڕو ئاوەدانکردنەوە وە لە باکوریشەوە فڕۆکەخانەی سەربازی هەبوو، کە ئێستاش لە ناو خەڵکیدا ئەم دوو ناوە ماون و بە ( گەڕەکی مەعمەل قیڕ) و (گەڕەکی مەتار) ناسراون.
بە گشتی، قەزای سۆران ناوچەیەکی دڵڕفێن و دڵگرە لە هەموو رووێکەوە، بازاڕو کوچەو کۆڵانەکانی پاکن و هاووڵاتیانی هەماهەنگن، واتە دانیشتووانەکەى بەشێکی گرنگن لە بەرەوپێشچوونی وڵات ، ئاستی زانستی، رۆشنبیری و ئاوەدانی، چارەسەری کێشە و گرفتەکان. بۆ کات بەسەر بردنیش چەندین پارکی بچوک هەن لە گەڕەکەکاندا، هەروەها لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو قەزایەشدا پارکێکی گەورەی لێیە کە بە شەو رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە.
لەرووی بژێویەوە وێرای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری ناوچەکە فەرمانبەری حکومەتن، بەشێکی زۆریش بە بازرگانی سەرقاڵن، چونکە ناوچەکە دەکەوێَـتە سێگۆشەیەکی گرنگی هەرسێ وڵاتی تورکیا، ئێران، کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ، لەو ناوچەیەدا بازاڕی گشتی لێیەو ڕۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆری لێ دەکرێت، بەهۆی جەنجاڵی و سەردانی خەڵکێکی زۆر بۆ بازاڕەکانی سەنتەری قەزای سۆران کڕین و فرۆشتنی زۆری لێی بەدی دەکرێت. ئەو کەلوپەلانەی لەوبازاڕەدا مامەڵەی پێدەکرێت بریتین لە جل و بەرگ، پێداویستی ماڵ، کەلوپەلی ڕۆژانە، خواردن، ئۆتۆمبێل و زۆر شتی تر. بەهۆی بچوکی ناوچەکەو کەمی مێژووی ئاوەدانی ئەو ناوچەیە کارگەی گەورەی نییەو ئەو کارگانەی لەناوچەکەدا هەن بچوکن و بەرهەمی کەمن بەڵام هێدی هێدی ئاستی بازرگانی و وەبەرههێنان ڕووی لا زیادبووندایە.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
ناوەندی قەزای سۆران لە پانتایەکی رووتەخت و بانەکان پێهاتووە، دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت و تەنها (١٢٠)کم لە پایتەختەوە دوورە، هەروەها دەکەوێتە نێوان کێوە بەرزەکانی (کۆڕەک) لەرۆژهەڵات، (حەسەن بەگ) لە باکور، ( برادۆست) لە ڕۆژئاوا، لە باشوریش کێوی (هەندرێنە) ، ڕێگای گشتی هامڵتۆن لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەران، کە لە ساڵانی (١٩٢٨ تا ١٩٣٠)ز لەلایەن ئەندازیار هامڵتۆن درێژکرایەوەو ناوەندە شارەکە لەت دەکات، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەوێتەوە دەشتێکەوە کەبە چیاکانی (زۆزک) لەباکور(١٨٢)کم، (کۆڕەک) لە باشور (٢١٢٧)کم، (هەندرێن) لە ڕۆژهەڵات (٢٩٢٥)کم، (برادۆست) لە ڕۆژئاوا (٢٠٧٦)کم دەورەدراوە.
لەگەڵ بوونی سێ رووبار لەناوچەکەدا کە ئەوانیش رووباری (باڵەک، باڵەکیان، بێخاڵ)ن.
سۆران، سنووری لە باکورەوە بەندە بە وڵاتی تورکیاو قەزای مێرگەسۆر، لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ قەزای چۆمان، لە باشوریشەوە بە قەزای ڕواندز و پشدەر بەندە، بەڵام لە خۆرئاواوە لەگەڵ قەزای شەقڵاوە پێکەوە لکاون.
لە ڕووی کارگێڕیەوە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشکراوە بەسەر شەش قەزای سەرەکی کە ئەمانەن قەزاکانی ( ناوەندی سۆران، ڕواندز، سیدەکان، مێرگەسۆر، چۆمان، خەلیفان). پێکهاتەی ناوچەکە فرە کەلتوورە لەهەموو ناوچەکانی کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و ئاوهەواو شوێنی ستراتیژی بازرگانی خەڵک رووی تێ دەکەن و بە مەبەستی حەوانەوە لێی نیشتەجێ دەبن، هەر بەم هۆیەشەوە بەردەوام لە فراوان بوون دایە.
لە رووی ئاو و هەواوە، سۆران ساردەو لە هاویندا گەرمە، بەڵام لەهەردوو وەرزی پایزو بەهاردا ئاوهەوایەکی خۆشی هەیە. ئەو قەزایە خاوەن دیارترین سێ ناوچەی گەشتیارییە لە هەرێمی کوردستان ئەوانیش (جندیان، بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ) قەزای ناوەندی سۆران ئاوو هەوایەکی شێدارو زستانان دابارانی باران و هاوینان گەرمی شێداری هەیە، ئاستی بارینی بەفر لەو ناوچەیە لە زستاندا مام ناوەندیە و لە وەرزی بەهاریشدا باراناویە وخاوەن سروشتێکی سەوزە. رووبەری قەزای سۆران دوو رووباری گەورەی پێدا رەت دەبێ و دەڕژێنە زێی بچوک، رووباری شێخی باڵەک کەلە وڵاتی ئێران و کوێستانەکانی بالەکایەتی لە قەزای چۆمان هەڵدەقولێن دواتر بە سنووری قەزای سۆراندا تێدەپەرێ و دەرژێتە زێی بچوک، هەروەها ڕووباری برادۆست کەلە کوێستانەکانی برادۆست و خاکی تورکیا هەڵدەقولێ، ئەویش بەهەمان شێوە لە سنووری شارەدێی سیدەکان و دیانان دەچێتەوە زێی بچووک، بە یەگەیشتنی هەردوو ڕووبار سوودبەخشن بۆ بەنداوی بێخمە.
باری کۆمەڵایەتی:
برایەتی و هاوڕییەتیەکی زۆر لە نێوان خەڵکی سۆراندا هەیە هەر بویەش، هەردوو ئاینی ئیسلام و مەسیحیەتی لێیە، وەک برا بەشدارن لە پێشوەچوونی قەزای سۆران و وڵاتدا، لەبەشی ئیسلامەکاندا مزگەوتی زۆر هەن و لە ناو مەسیحەکانیش کلێسایەکی گەورەی لێیە.
مێژووی قەزای خەلیفان:
قایمقامیەتی قەزای خەلیفان سەر بەئیدارەی سەر بەخۆی سۆرانە و مێژووی دروست بوونی خەلیفان دەگەڕێتەوە بۆ بەنووسراوکردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە شارەدێی خەلیفان کاتێک بنیادنرا کە ناوەندی شارە دێیەکە دەکەوتە گوندی خەلیفان سەر بە قەزای رواندز.
خەلیفان لەساڵی (١٩٦٧)ز کرا بە ناحیە هەروەها لە ساڵی (٢٠٢٣)ز بە فەرمى کرا بە قەزا، ڕووبەری گشتی قەزاکە نزیکەی (٢٠٥)کم٢ وە بە نزیکەی لە (٦٢) گوند پێکدێن. ژمارەی دانیشتووانی بە پێی ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٠)ز بە نزیکەی دەگاتە (٥٣٨٦) پێنج هەزار و سێ سەد و هەشتا و شەش کەس.
سنووری قەزای خەلیفان، دەست پێدەکات لەخاڵی بەیەک گەیشتن لەدۆلی (شیوەدزە) و (زێی گەورە) دەڕوات بەرەو ڕۆژهەڵات تا دەگاتە زنجیرە چیایی برادۆست و سنووری شارۆچکەی دیانا و مێرگەسۆر دەڕوات بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات، زنجیرە چیای برادۆست تا خاڵی بەیەک گەیشتن لەسنووری ڕۆژئاوای تا دەگاتە خاڵى (٨) باڵەکیان سەر بەناحیەی دیانا. ئینجا بەردەوام دەبێت تا دەگاتە دۆڵی (خەلیفان) ئینجا بەرەو باشووری رۆژئاوا تاکو لوتکەی چیای (کۆڕەک) بەرەوزنجیرە چیای کورتەک و (سەرەسێوکان) تاکو خالی بەیەک گەیشتن لەگەڵ سنووری پارێزگای (سلێمانی) و قەزای (شەقڵاوە)، (ڕواندز) و (شێخ وەسانە) سەر بە ناحییەی خۆشناو تا خاڵى (زینەتیر)، هەروەها دەڕِوات بەرەو باکور لەسەر زنجیرە چیایی (بەنی هەریر) کە سنووری هەرسێ ناوچەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە ناوچەکانی (شەقڵاوە، خۆشناو، خەلیفان) دەڕوات بەرەو زێی گەورەو دواتر تاکو خاڵی بەیەک گەیشتن لەدۆڵی شیوەدزە کە خاڵی دەستپێکی سنوورەکەیە.
خەلیفان شارۆچکەیەکی جوان و قەشەنگە دەکەوێتە سەر ڕێگای هامڵتۆن، کەناوچەیەکی شاخاوی و دۆڵێکی تەنگەبەرە. لە باشووری خۆرهەڵاتی شارەکە رووباریک لەکەربەلاوە هەڵدەقوڵی بەناوجەرگەی شارەکە ڕەت دەبێ و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ کشتوکاڵ و خواردنەوەی ئاوی خەلیفان. ئەفسانەی ناوەکەی لە زۆرێک سەرچاوەوە وا دەردەکەوێت کە لەگەلیاوانەوە هاتووە، هەندێکیش دەڵێن لە کاتی هاتنی لەشکری ئیسلام بۆ دەڤەرەکە دوو خەلیفەی لی نیشتەجی بووە، بەدریژایی سەردەم ئەم ناوە داتاشراوە بۆتە خەلیفان.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
شوینی ستراتیژی خەلیفان دەکەوێتە سەر چوار ڕێگای سەرەکی ڕانیە، بارزان، قەزای ناوەندی سۆران و پایتەخت بەکەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی بوونی بەشێکی چیای سەخت ودژوار لە بەشی ڕۆژهەڵات و باشورەکەی بەهۆی سەختی چیاکانەوە بۆتە شوێنێکی سەربازی گرینگ هەر لەساڵانی سیەکانەوە ناوچەی سپیلک سەربازگەی سەربازى لێ دامەزراوە، چیایی کۆڕەکیش بەهەمان شێوە هاتنی سەرکردایەتی کوردستان بۆئەم ناوچەیە بۆهۆی ستراتیژیەوە بوو لەدوای نسکۆی شۆڕش پاڵە پەستۆی حکومەتی ناوەندی زیاتر بوو بەسەر ناوچەکەوە. خەلیفان (١٠٥ کم) لە شاری پارێزگای هەولێرەوە دوورە، (١١کم) لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆرانەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان چوار چیای گەورەوە، کە لە هەر چوار لاوە دەووری خەلیفانیان داوە، ئەوانیش لە ڕۆژهەڵاتەوە چیای (کۆڕەک)ە، لە ڕۆژئاواوە چیای (پانەسەر)، لە باکوورەوە زنجیرە چیای (برادۆست)ە کە یەکێکە لە چیا هەرە بەرزەکانی کوردستانی باشوور وە لە باشووریشەوە چیای بەنی هەریرە کە خەلیفان و هەریر لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
لە ڕووی ئاو و هەواوە، قەزای خەلیفان لە وەرزی زستاندا پلەی گەرمییەکەی دەگاتە نێوان (-٠) و (-١٠) پلەی سەدی. قەزای خەلیفان لە هاوین دا پلەی گەرمییەکەی لە (مانگی ٧) دا لە نێوان (٣٠ و ٣٧) پلەی سەدی دایە و لە مانگەکانی تری هاوین دا تەنها لە نێوان (٢٣ و ٢٩) پلەی سەدی دایە، کە ئەوەش بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنە جوگرافییەکەی و بوونی ڕووباری خەلیفانە لە ناوەندی شارەکە کە ئەو ڕووبارە زۆرترین رێژەی داری سپینداری لێچاندراوە، لە هەموو جێگەیەکی تری کوردستان و عێراق زیاتر سپینداری هەیە، ئەمەش دیمەنێکی یەکجار جوانی داوە بە خەلیفان.
قەزای خەلیفان بە گشتی لە (٦٢) گوند پێکدێت لە ڕووی سەنتەری شارەکەو و دەوروبەری کە (٥٧)یان سەرەکین و ژیانیان لێ دەکرێت کە ئەمانەن ( کەلەکین، پەرکین، بەورکان، بەنۆکە، دەشتی لۆک، سیناوە، کانی کۆلک، جۆنەلە، لێرەمیر، دەربەندۆک، گۆرەز، دۆلەتێسو، کنەک، کۆنە سیخوڕ، ساوا، خەلان، هەنارە، ماندان، رەشەگۆم، زەردەگۆم، بانە، سپیلک، قەمەریان، جافرەکان، مالمن، ماویلیان، جۆلەمێرگی سەرو، جولەمێرکی خوارو، کانی ڕەش، شەرکان، رماوێژ، ئالانە، بناوی، گورگار، خەندۆر، شارسینە، بیوکە، تاراوە، توتمەرە، هەروتەکەون، سارتکە، ئەشکەفتە، سارتکە، کەندۆر، تارینانی خوارێ، تارینانی سەروو، بلەی خواروو، بلەی سەرێ، بەردۆک، مەلەکان، زیلەکان، گردکۆک، بێخمە، ماویلیانی سەروو، هەروێ، گۆڕەشێر).
باری کۆمەڵایەتی:
بە پێی ئامارە گشتیەکانی رێژەی دانیشتووانی ناوچەکە
زۆرینەی خەڵکەکە لە ڕووی ئاییندا و بەسەر ئایینی موسڵماندا دابەشبوون و بە ڕێژەی ٪١٠٠ی نەتەوەی کوردن.
مێژووی قەزای ڕواندز:
قایمقامیەتی قەزای ڕواندز سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٨٩٠)ز بە هۆی پێگەی ناوچەکە لەلایەن ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کراوە بە قەزا تا ساڵی (١٩٢٣)ز، دوای داگیرکاری (ئینگلیز) بۆ (عێراق) بە فەرمی دەکرێت بە قەزا. قەزای ڕواندز نزیکەی (٥) کم لە قەزای ناوەندی سۆرانەوە دوورە ، وە (١١٠) کم لە پارێزگای هەولێری پایتەختەوە دوورە ، بە گشتی لە (٤٣) گوند پێکهاتووە و رێژەی دانیشتوانی دەگاتە نزیکەی (٢٨٠٠٠) بیست و هەشت هەزار کەس.
دروست بوونی قەزای ڕواندز، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش دروست بوونی میرنیشینی سۆران لەسەرەتاکانی سەدەی شانزەهەم لە ماوەی فەرمانڕەوایی میرنیشنی سۆران (ڕواندز) یەکێک بووە لە پایتەختی ئەم میرنشینە کە لە سەرەتای ساڵانی (١٨٠٠)ز، (میر محمد) کە ناسراوە بە پاشای گەورە (ڕواندز)ی کرد بە پایتەختی میرنیشینەکەی کە دەسەڵاتی ئەم میرنشینە لەسەردەمی (میر محمد) گەیشتە ئەو پەڕی هێز و توانا تا ساڵی (١٨٣٦)ز، کە کۆتایی بە میرنیشینەکە هات لەسەردەمی عوسمانییەکان و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم تا ساڵی (١٩٨٠)ز چەندین قایمقام ئیدارەی ئەم شارەیان بەڕێوەبردووە.
لە ساڵی (١٩٨٠)ز، حکومەتی عێراق بە بڕیاری (ێدام حسێن) سەرۆکی حکومەتی عێراقی لەناوچوو، ئەم قەزایەی کردووە بە ناحیە لەبەر چەندین مەبەستی سیاسی و سەربازی ناحیەی ڕواندوز کارگێری سەر بە قەزای ناوەندی سۆران بوو کە ئەو کات بە قەزای (ێدیق)یان ناو ئەبرد.
هەر چەند باس لە گرنگی مێژووی دیاری قەزای ڕواندوز بکرێت، ناتوانرێت وەک پێویست مافی خۆی پێبدرێت، قەزای ڕواندز و گوندەکانی دەوروبەری هەر لە دێر زەمانەوە خاوەن جەماوەرێکی قارەمان و خۆڕاگر بوونە لەبەرامبەر دژایەتیکردنی رژێمی فاشیستی لەناوچوو.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
سنووری قەزای ڕواندز لەلای باکوری ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە قەزای سۆران، لــە بـــاشوور قــــەزای ڕانـیــە، لــە بەشی ڕۆژهــەڵات قــەزای چۆمان، لــەلای ڕۆژئاوا قەزای خـەلیفان دەگرێتەوە، قەزاکە لەسەر ئاستی دەریاوە بەرزیەکەی دەگاتە (٧٠٦)م.
لە رووی ئاو وهەواوە ناوچەکەیەکی لەبارە بۆ گەشت و ژیانکردن، ڕێژەی باران بارین لە ساڵێک بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێ لە (٤٠٠ )ملم تاوەکو (١٢٠٠) ملم باران دەبارێت لە چەند ساڵی وشکە ساڵی باران کەم بوو بەڵام لە ساڵی حەفتاکان و هەشتاکان باران دەگەیشتە (١٢٠٠) ملم، ئاووهەوای زستانی ساردە و هاوینان گەرم و هەندێ جێگا مام ناوەندین.
قەزای رواندوزبە نزیکەی (٤٢) گوند پێکدێت، بەڵام بە پێی ناسراوی و ژیانکردن بە زۆری دەکەونە سەر (٢٥) گوند کە ئەمانەن( چنێراوە، جندیان، بێشوک، میراجیان، ماویلیان، هەوارە کەون، بێنوریان، بەرسیرین، ئاکۆیان، ئاکۆ کەون، کەڕک، بنەکاول، لوغان، فەقیان، بنمێردە، بێخاڵ، کانی کەوان، سەران، گەرەوانی سەرو، گەرەوانگ خوارو، کاولۆکان، کانی قوڕ، بەرزێوە، پیرسوان، خەلکان).
باری کۆمەڵایەتی:
بەپێی زۆری رێژەی ڕاگواستن و ئاوارەی، نزبەیەکی کەم لە عەڕەب تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بوون لە کۆندا، بەڵام تاوەکو ئێستا زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی قەزاکە کوردن و سەر بە ئایینی ئیسلامن، قەزاکە ناوچەیەکی مێواندۆستە و لەوانەیە چەند ماڵێکی کەمی سەربە ئایینەکانی تریش بونیان هەبێت لە دەڤەرەکەدا، کە دابەشبوون بەسەر ژن و پیاو منداڵدا.
مێژووی قەزای سیدەکان:
قایمقامیەتی قەزای سیدەکان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و بە کۆنترین قەزا لە رووی مێژووی ئیدارەی سۆرانەوە دەناسرێت، ساتی دامەزراندی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٨٩٠)ز ڕووبەری سنووری قەزای سیدەکان نزیکەی (١٦١٦)کم٢، وە دووری لە سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران (٣٤)کم، دووری لە سەنتەری پارێزگای هەولێر (١٤٢)کم، ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵانی (١٩٩٧-٢٠٢٣)ز نزیکەی لە (١١٠٠٠ تا ١٥٠٠٠) یانزە بۆ پانزە هەزار کەس بووە، لە کۆتایەکانی سەدەی نۆزدە دا بە فەرمانی والی عوسمانی بەناوی (برادۆست) ناوی هاتووە، واتە سەرەتا ناحیەی برادۆست بووە دواتر کراوەتە ناحیەی سیدەکان و هەر بە نازناوی سیدەکان کرا بە قەزا.
لەبەر ڕژێمی بەعس و داگیرکارییەکان زۆربەی ناوچەکانی سەر بەم قەزایە لە کاتی خۆی وێران کرابوون، بەڵام لە دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی بەهاری سالی(١٩٩١)ز خەڵکی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (١٩٩٢)ز پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، لە ساڵی (١٩٩٦)ز، ناحیەی سیدەکان گەڕایەوە و چەندین گوندی لێ ئاوەدانکرانەوە.
مێژوویەکی کۆنی هەیە بەڵگەش بۆ ئەمە، هەردوو کێڵ (میل )ی (کێڵەشین و تۆبزاوە)ن، کە بە خەتی مێخی لە سەرییان نووسراوە، لە روویەکی نووسینی ئاشوورییە کە (٣٧) دێرە لە روویەکەی تریشی نووسینی ئۆرارتییە کە (٣٨) دێرە هی دەورانی سالڵانی (٧١٤)پ.ز، کەوا ئەم ناوچەیە هەرێمی ئاشوری و ئۆرارتییەکان بووە، گەورە پەرستگای خواوەندی خالدی بووە لە گوندی (مجیسر).
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ژیر ئینتدابی ( بەریتانیا ) دەڤەری سیدەکان ( برادۆست ) لە ساڵی (١٩٣٢)ز بە فەرمى لە لایەن حکومەتی عێراق کرابە ناحیە سەربە قەزای ڕواندز بوو ئەو کات، چەند بنکەیەکى پۆلیسی لێبوو لە دەشتی بەرازگر و سیدەکان و چەند شوێنێکی تر.
لە دوای ڕاپەرینی بەهاری ساڵی (١٩٩١)ز ، ئازادبوونی کوردستان لە ژێر زوڵم و زۆری رژێمی بەعس خەڵکی دەڤەری سیدەکان و برادۆست گەڕانەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان جارێکی تر سەر لە نوێ دەستیان کرد بە ئاوەدان کردنەوەی گوندەکانیان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دامو دەزگاکانی حکومی گەڕانەوە ناحیەی (برادۆست) بە ناوی ناحیەی (سیدەکان) گەڕایەوە تا دواتر کرا بە قەزا.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای سیدەکان، کەوتۆتە سەر سێگۆشـەی ( عێراق، ئێران، تورکیا ) ناوچەیەکی شاخاویە لە باکور وڵاتی (تورکیا)، لە باکوری رۆژهەڵات وڵاتی (ئێران)، لە باشوور ناحیەی (دیانا) سەر بە قەزای ناوەندی سۆران، (سمیلان) سەربە قەزای چۆمان، لە ڕۆژئاوا ناحیەکانی (پیران) و (مەزنێ ) سەر بە قەزای میرگەسۆر.
لە ڕووی ئاوو هەواوە قەزای سیدەکان، زیاتر ناوچەیەکی شاخاوییە لە چەندین دۆڵ، کەند نەهاڵ، دەشت، کوێستان و گەرمیان پێکهاتووە.
پلەی گەرمی تا ڕادەیەک مام ناوەندیە، هەرچەند بەرەو بەرزایەکان سەرکەوین پلەی گەرمی نزم دەبێت، ساڵانە رێژەیەکی باشی بەفرو بارانی لێدەباریت بەهۆی سەختی ناوچەکە، سەرچاوەی ئاوی کانیاو رووبارن لە بەرزترین لوتکە چیاکانی چیای (هەڵگوردە) کە بە بەرزترین چیا لە کوردستان و عێراقدا دەژمێردرێت، کەوتوتە خوارووی خۆرهەڵات، لەبناری چیای هەڵگورد چەندین بێرم و مێرگی جوان و دڵڕفێنی لێ یە و لەوەرزی زستاندا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت لە هەندێک ساڵدا تا ساڵ دەسوڕێتەوە بەفرەکەی ناتوێتەوە لە بناری ئەم چیایە چەندین سەرچاوەی ئاوی لێ هەلدەقوڵێت و لە (هۆرنە-برەشکین ) هەموو سەرچاوەکانی ئاو یەک دەگرن رووباری لێ دروست دەبێت، بە دەیان جۆگەی ئاودێری لە سەری هەڵبەستراوە و بەناو سیدەکان دا دەڕوات.
لە بەشی ڕۆژهەڵات ( چیای بەربزین و سەقەروو کێلە شین و سیاکو) چەندین بێرم و مێرگ و سەرچاوەی ئاوی لێ هەڵدەقولێت ڕووباری ( گەلی لێتان و دۆڵی زەرزێ) پێک دەهێنن. لە سەر ئەم دوو ڕووبارە چەندین جۆگەی ئاودێری لەسەری هەڵبەستراون، لە باکور بەچەندین زنجیرە چیادا دەڕوات، کە بەرزترینیان (شاکیو، چیابەن، گادەر، ئاودەل کیوی )ن. چەندین سەرچاوەی ئاو لە بناری چیاکانی ئەم قەزایە هەڵدەقولێت و رووبار پێکدەهێنن، رووبارەکانی (مالە مەلا و خواکوڕک) لە گەلی ڕەش یەک دەگرن و بەناو دەشتی بەرازگردا دەڕوات ئەم ناوچە شاخاویانە بەفرو بارانێکی زۆری لێ دەبارێت.
قەزاکـە لە ژمارەیەکی زۆری گوند پێک دێت کە نزیکەی (١٧٠) گوندیان ناسراو و دیارن کە ئەمانەن (نزاری، بەرگرد، ماوەرد، مالاریا( مالایەر)، سێ کوچکە، تالەجار، هۆرەیس، کاولۆکان، ڕکاوە، خەلیفان، ئوسوماوەتا، ئاکوان، ئالەکا، سیدان، بەڕۆژە، بوزێنە، گۆرەشا، دێوین، موسڵوک، ئەسپیندارە، زریکان، خراوا، خۆران، مینای سەرو، مینای خوارو، بەرچیخە، جۆخین ، بێمە سۆران، تۆپزاوا، جۆنەرە، گرموسەک، ناوڕۆین، بێواسی سەر و خوارو، بن ڕەشکین، دەرهۆڵ، بن پەریزە، بەنێ، کەتینە، بەربزین، ماوەتاوە، بلەسنان، ناومێرگان، دایماوە، لێلکان، گۆڕاکۆرێ، شۆشنێ، شگێرا، چوکان، شێلکان، ئالانە، بزن کڕە، هەتکای سەر و خوارو، گۆرەبەتراش، نیکاوە، خۆماری سەرو خوارو، ددستانە، چرە(جەڕا)، پیرەکە، شیوەسان، بیرۆشمێ، تاوکە، گولیژکە، بیرتە، دیڕێ، بێجوانا، دوستانە، بۆلێ، ڕەشکین، هۆڕنە، کەژەک، سەربیش، کانی باخان، بی زەفەران، هەوێلان، خۆراگەر، سەرگرد(سنخە) ، بێقەپوشک ، کەونە سیدەکان، بۆزان، بێرکمە، دەلاوا، دۆڵ هەلۆ، ژیلیا، ناودارۆک، دەراو، باسەکانی سەرو، پونگوستە، لێتان، سوێکینە، باسەکانی خوارو، کۆلیت، هێردن، بێ سێو، کانی شعبان، ژوژیلە، شکەن، کەندە هۆڵا، گەروزین، کانی ڕەش، هارونێ، بنەوانۆک، چنارێ، بەنان، دەرهۆلە (دەشت هێرت)، لۆکان، بیژان، کاولان، کاولەباس، بن هەوراز، مێرگەڕەش، سیرۆ، شیوە گەرمکی سەرو و خوارو، ماڵەدەر، ئالەدوا، مجێسەر، قەلێتان، تاوکان، شیوان، هەجرێ، دورەملک، لێرە بان، سۆریا، ماڵە مەلا، گڵەڕەش، هەرین، عەڕەب کۆلان، ناوبیما هەرکی، کانی چنارۆک، کانی باز، سمخەیلان، کانی بناوی، جۆخین گەلا، مەزراوە، تەلان، داسنی، گرکەبەن، شیشکان، شمزینەکێلا، کەلۆی، ماوەتاوی سەرو خوارو، مەمدیانی سەر و خوارو، هەیات، کەونە گوند، سێناوە، گۆجار، شیخ ڕەش، ئازادی، کۆریتان، دی گردا، شکێراوی سەر و خوارو، قورنا، گۆرەشێر، هەلکێرا، کونەلە، خومارتێ، کانی گۆلک، هێشم ، شاناشا، بەستێنە، بن بەردی ژێری، باویە، بنی، مێشان، بورە)، لەگەڵ (١٠٢) گوندی دیکەی چۆلکراو.
باری کۆمەڵایەتی:
بە پێی ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە ٪١٠٠ی خەڵکی قەزای سیدەکان کوردن، وە سەر بە ئایینی ئیسلامن و موسڵمانن ، کە سەر بەتەریقەتی قادری و نەخشبەندی (ێۆفی- دەرویش -دیوانە)ن.
(ێۆفیەکان) ێۆفی و مریدی خانەقای لۆلانن، (دەروێش) دەروێشانی تەکیەی شێخانی هیران و نازەنین، (دێوانە) میریدانی خانەقای شێخ ئەحمەد لە بادینان.
مێژووی قەزای چۆمان:
قائیمقامیەتی قەزای چۆمان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، ناوچەیەکی دڵگیر و سەرنجڕاکێشە لە ڕووی شوێن و دیمەنەکانیەوە.
لە ناحیەکانی (سمیڵان، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، قەسرێ) پێکدێت، کۆی گشتی گوندەکانی (١١٦) گوندە و ڕێژەی دانیشتووانی بە پێی ئامارەکانی ساڵی (٢٠٢٠)ز نزیکەی (٣٤٤٩٢) سیی و چوار هەزار و چوارسەد و نەوەد و دوو کەسە.
ناوچەی باڵەکایەتی ناوچەیەکی فراوانی بەرزو نزمە بەشێکی بەرچاوی زەوی کشتوکاڵی تێدا هەیە، بەپێی رووبەری گشتی قەزاکە کە نزیکەی (٨٩٠) کم٢ دەبێت، خەڵکی ئەو ناوچەیە بەزۆری بە کاری کشتوکاڵ کردن و ئاژەڵداری خەریکن بەرهەمەکانی جۆراو جۆرن.
کۆی گشتی گوندەکانی (١١٦) گوندە. چۆمان کە بە ناوچەی باڵەکایەتی ناسراوە، بە درێژایی مێژوو ناوچەیەکی سەخت و شوێنی بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان بووە، باڵەکایەتی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) بوو، بە مەڵبەندی ئەو شۆڕشەو تا ساڵی (١٩٧٤)ز دانیشتووانی ئەو دەڤەرە سەروەریەکی مێژووییان بۆ ناوچەکە تۆمار کرد، کە بوون بە هەڵگری چەکی شەڕەف و بەرگری لە خاک و ئاوی کوردستان، لەو کاتەدا لەم سنوورە بە سەدان رووداوی جۆراو جۆر و داستانی مەزنی بەخۆیەوە بینی، لە هەمووی گرنگتر ئەو ناوچەیە شوێنی دانوستانی نێوان حکومەتی مەرکەزی ئەوسای بەغدا و سەرکردایەتی شۆڕش بوو، خۆڕاگری پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و بەچۆکداهێنانی سوپای عێراق وای لە سەرانی حکومەتی ئەوسای عێراق کرد، کە لە قەزای چۆمان لە ساڵی (١٩٧٠)ز لە ڕۆژی١١ی ئازار دەستەڵاتی خۆجێیەتی، کە بە حکومی زاتی ناسرا بوو بدات بە کورد، بەڵام دواتر بە هۆی بیری شۆڤێنی عەڕەبی و رێکەوتنی ئێران لەگەڵ ێدامی دیکتاتۆر، وای کرد شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسکۆ ببێت، ئەو قەزایە لە ساڵی (١٩٩١)ز دوای ئاوەدان کردنەوەی جارێکی تر ڕووداوێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی، بوو بە شوێنی مانەوەی نزیک لە یەک ملیۆن هاووڵاتی کوردستان، کە لە ترسی بەعس لە ڕاپەرینی بەهاری (١٩٩١)ز کۆچی بەکۆمەڵیان بۆ ناوچەکە کرد.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
سنووری ئەم قەزایە پێک دێت لە سنوورێکی بەرفراوانی جوگرافی کە لە ڕۆژهەڵات بریتی یە لە سنووری شاری پیرانشار، دەکەوێتە وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ناحیەی سەنگەسەری پشدەرایەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی کە دەکەوێتە باکوری قەزای چۆمان و سنووری رۆژئاوای بە قەزای سۆران دەبەستێتەوە،هەروەها باشوری قەزای چۆمان، بە سنووری ناحیەی سیدەکانی سەربە قەزای سۆران کۆتایی دێت، ئەم قەزایە لە ساڵی (١٩٦١)ز ئاوەدان کراوەتەوە، لە ساڵی (١٩٧٠)ز بڕیاری بە قەزابوونی بۆ دەرچووە، ماوەی چوار ساڵ ئیدارەی شۆڕشی ئەیلوول لەو ناوچەیە پشتگیری لەمافە ڕەواکانی گەلی کورد کردووە، قەزای چۆمان وەک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول وای کرد گرنگییەکەی دەرکەوێت، تاوای لێهات ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر چەندین پلانی بۆ لەناو بردنی ناوچەکە داڕشت، لەساڵی (١٩٨٣)ز بەهۆی شەڕی چەند ساڵەی هەردوو ووڵاتی ئێران و عێراق، بۆ ماوەی هەشت ساڵ بە تەواوی سنوورەکە چۆل کرا، لە ساڵی (١٩٩١)ز جارێکی تر ئاوەدان کراوەتەوە کە شارەکە لەگەڵ زەوی تەخت کرابوو، سەر لەنوێ ژیان لەم سنوورە دەستی پێکردەوە.
ئاوو هەوای قەزاکە بە زۆری هەردوو وەرزی هاوین و پایزن، ئاو و هەواکەی لە زستاندا سەخت و ساردە و لە هاوینیش گەرم و مام ناوەندە ڕێژەی باران بارینیەکەی وەرزیە و بارانیش لەو ناوچەیە مام ناوەندیە ئاو هەواکەشی شێدارە، لە وەرزی زستانیشدا ڕێژەی بەفربارین بەرزدەبێتەوە کە هەندێک ساڵ دەگاتە (١٠٠)سم .
قەزای چۆمان لە چەندین گوندی جوان و ڕازاوە پێکدێت، کە نزیکەی (٢٤) گوندن کە ئەمانەن (دێڵزە، کەونەخانان، قەڵاتەبۆر، وەردە، کەوەرتە، گۆرۆنی، شیوەلۆک، ناوپردان، سەکران، وێزە، ئێنێ، مژدینیان، مەران، بندایزان، شێخ وەتمان، مەمیخەلان، ناوبەرگە، باسان، کۆسرەتان، شێخان ، خۆشکان، کانی سپی، وێزە، قەیماسان).
باری کۆمەڵایەتی:
بە زۆری قەزای چۆمان واتە ناوچەکانی باڵەکایەتی لە رووی پێکهاتەی ئایینی یەوە لە٪١٠٠ی پابەندن بە ئایینی ئیسلامەوە هەر لەکۆنەوە مەڵبەندی فێرکردنی زانست و ئایینی ئیسلام بووە، بۆ نموونە کەڵە شاعیرانی گەورەی کورد ( ناڵی، حاجی قادری کۆیی) لە حوزرەکانی شێخ وەتمان وخۆشکان کە دوو گوندی سەر بە چۆمانن خوێندویانە، مامۆستای گەورە مەلا ئادەم لە گوندەکانی دۆڵی رۆست و ناوچەی باڵەکایەتی دەوری کاریگەری هەبووە. دابەشبوونە بەسەر ڕێژەی زۆری پیاواندا و نیوەی ئافرەت و منداڵدا.
مێژووی قەزای مێرگەسۆر:
قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە هەر پێنج ناحیەی (بارزان، شێروان مەزن، مەزنێ، گۆڕەتوو، پیران) پێک دێت، ڕێژەی دانیشتووانی بە پێی ساڵی (٢٠٢٠)ز نزیکەی (٣٨،٧٠٠) سی و هەشت هەزار و حەوت سەد کەسە.
سنوورى قائمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر بە (دەڤەری بارزان) ناو دەبرێت، لە پێنچ ناحیە پێک دێت (بارزان، شێروان مەزن، گۆڕەتوو، پیران، مەزنێ ) و ژمارەی گوندەکانی بە گشتی (٢٥٢) گوندە ، کە (١٧٢) گوندی ئاوەدانکراونەتەوەو (٨٠) گوندیشی هەتا ئێستا ئاوەدان نین، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ باری ئەمنی شوێنی ئەو گوندانە کە نزیکن لە سنووری وڵاتی تورکیا.
قەزای مێرگەسۆر مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەزۆر قۆناغ تێپەر بووە کە مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٨٩٠)ز سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی کە ویلایەتی موسڵ لە چوار قەزا پێکدەهات (دهۆک، ئاکرێ، سنجار، زێبار). قەزای مێرگەسۆر ئەو کات زێبار بووە و ناوەندی قەزا لە ( بیراکەپرا) بووە و ئەو ناوەش لەوە هاتبوو کە ئاغاکانی عەشیرەتی زێبار خاوەن دەستەڵات بوون و لەبەر ئەوە ئەو ناوەیان بۆ دانا بوو.
قەزای زێبار ( مێرگەسۆر) پێک دەهات لە ناحیەی بارزان و مزوری باڵا کە (١٤٠) گوند دەبوون، ناوەندی قەزا لە بیرا کەپرا بوو کەنزیکەی (٧٠) ماڵ دەبوون، بەپێی زۆرێک لە سەرچاوەکان لە ماوەی ساڵانی (١٨٩٠ - ١٩٢١)ز قایمقامیەت بوو، پاش ئەو ماوە بە بڕیاری دەوڵەتی عوسمانی قەزا هەڵدەوەشێنرێتەوە و دەبێتە ناحیەی زێبار و دەکەوێتە سەر ئاکرێ، هەروەها ناحیەی بارزان و مزوری باڵا دەکەونە سەر قەزای ڕواندز، تا ساڵی (١٩٢١)ز کاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی لەو کاتە قەزای زێبار دەگەڕێننەوەو بارەگای قەزا دەگوازنەوە بۆ گوندی بلێ تا ساڵی (١٩٢٦)ز. هەموو کەسێک زانیاری تەواوی لەسەر دەڤەری بارزان و شۆڕشەکانی بارزان هەبووە، کەبەردەوام تووشی ڕاگواستن و گرتن و ئاوەرەی بووینە، ئەوەش لەبەر هزری نەتەوەی و ئەو هەوڵانەی کە شێخەکانی بارزان دەیدان لە پێناو چاکسازی کۆمەڵایەتی و داواکردنی مافی میلەتی کورد لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمە.
بەپێ ئەو زانیاریانەی کە دەست کەوتوون لە ساڵی (١٩٢٦)ز قەزا دیسان هەڵدەوەشێنرێتەوە، تەنها ناحیەی بارزان و مزوری باڵا دەمێنن کە سەر بەڕواندز دەبن هەتا ساڵی (١٩٥٢)ز، ئەوکات بارزانی لە سوفیەت دەبێت لەگەڵ (٥٠٠) کەس لە خەڵکی دەڤەری بارزان و شێخ (ئەحمەد بارزانی) لە بەندیخانە دەبێت، بە هەوڵ و هیمەتی خەڵکی دەڤەری بارزان و مێرگەسۆر ئەوانەی دەمێنن لە ناوچەکە قەزا دەگەڕێنەوە بەناوی زێبار و مەڵبەندی قەزا لە مێرگەسۆر دەستپێدەکەنەوە. پاش هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) کەزۆربەی زۆری خەڵکی دەڤەرەکە بەشدار دەبن هەتا ساڵی (١٩٧٥)ز، شۆڕش ڕادەوەستێت خەڵکی دەڤەرەکە ئاوارەی ئێران دەبن و هەندێکیان لە هەمان ساڵ دەگوازرێنەوە بۆ باشوری عێراق بە چەند قوناغێک بەردەوام دەبێت تا ساڵی (١٩٩٠)ز سنووری قەزای زێبار٪١٠٠ی تێک دەدرێت. نزیکەی (٨٠٠٠) کەس لە توخمی نێرینە لە تەمەنی (٨-١٠٠) ساڵ ئەنفال دەکرێن، ئەوەش تا ساڵانی (١٩٨٣)ز. لەساڵی (١٩٩١)ز لە ئەنجامی ڕاپەرینی گەلی کوردستان، خەڵکی دەڤەرەکە لە ئاوەرەیی گەڕانەوە بۆ سەر شوێنی باب و باپیرانیان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گەڕاندنەوەی قەزای دا لە مێرگەسۆر، لە ساڵی (١٩٩٣)ز، ناوەکەیان لە قەزای زێبار گۆڕی بۆ قەزای مێرگەسۆر.
هەڵکەوتەی جوگرافی:
قەزای مێرگەسۆر رووبەرەکەی نزیکەی (١٤٠٠ کم٢)دەبێت. (١٣٠)کم لە ناوەندی پارێزگای هەولێرەوە دوورە، لە باشورەوە قەزای (ئاکرێ) یە سەر بە پارێزگای دهۆک، لە باکور قەزای (شەمزینان)ی پارێزگای هەکاری لە کوردستانی باکور، لە ڕۆژهەڵات (قەزای ناوەندی سۆران) و لە ڕۆژئاوا قەزای (ئامێدی) سەر بە پارێزگای دهۆک، قەزاکە بە گشتی (١١١٨ )لەسەر ئاستی دەریا بەرزە.
قەزای مێرگەسۆر بە گشتی ناوچەیەکی شاخاوییە و سەرچاوەکانی ئاو لەو سنوورە بەزۆری کانیاون و دوو ڕووبار بەناو سنوری ئەم قەزایە دا تێپەر دەبێت .
یەکەمیان، ڕووباری ڕوو کچک، سەرچاوەکەی چەند لقێکن لە سێگۆشەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران و تورکیا هەڵدەقوڵێت لە نزیک گوندی هەژیر یەک دەگرنەوە، بە درێژی (١٠٠)کم لەناو سنووری قەزای مێرگەسۆر تێپەردەبێت. دووەمیان رووباری زێی مەزن (زاب)ە، سەرچاوەکەی لە وڵاتی تورکیا هەڵدەقوڵێت نزیکەی (١١٠)کم لەناو سنووری قەزاکەدا دەڕوات، لە گوندی ڕێزان لەگەڵ رووباری رووکچک یەک دەگرن.
جگە لەوەی کە ناوچەیەکی شاخاوییە هەندێک شوێنی دەشتایشی هەیە کە بۆ کشتوکاڵ دەشێت، وەک (دەشتی بەری نزار (شرێ)، دەشتی بیرسیا، دوڵی بیاو، باڵندا، بلێ، ڕێزان).هەروەها چەند چیایەکی بەرز لە سنوورەکە هەن کە بەرزیان لە نێوان(١٥٠٠ تا ٢١٠٠)م لەسەر ئاستی دەریاوەن لەوانەش چیاکانی (شرین، بوتین، پیران، برادۆست، قەلەندەر، کوڕێ هۆری، چارچەل، موسەکا)
ئاو هەوای ناوچەکە، ئاسایی مام ناوەندیە لە هاویندا گەرم و هەندێک جار دەگاتە (٤٥)پ.س، لەوەرزی زستان سارد و پلەی گەرمی هەتا(-١٥)پ.س، ڕێژەی باران بارین ساڵانە ل نێوان (٨٠٠ـ ١٥٠٠) و زیاتر لە(١)م بەفر لە ناوەندی قەزای مێرگەسۆر دەبارێت.
لە کۆی گشتی (٢٥٢) گوندی ژمێردراو کە زۆربەیان ئاوەدانن و بەشێکیان وەک باسکراوە لەبەر باری ئەمنی ژیانینان تێدا ناکرێت، کە زۆربەیان ئەمانەن (سێلکێ (کۆمەڵگا)، گویزێ ( کۆمەڵگا)، لێڕا، کرکەمو، شیروان مەزن، سەردەری، کانیاتا، سەرکێرێ، دودەمەڕا، بەردەسۆر، خالونە، هەلانیا، چەمێ، قەڵاتۆک (تاتکێ)، بێخشاش، بیێ، کانیبۆت، بێدیال، تاتکێ، ئیدلبی، ستۆپێ، پیندرۆ، دێزۆ، سپیندارێ، ناوکۆرکا، بناڤێ، مۆکا، پاڵانا، کوران، مێرۆز، بەرکەلێ، بژیان، بوسێ، گویزا ئاستەنگ، سینا، سومێ، سلور، رەڤین، توی، شیڤێ، ئاکیکا، گەلانە، باسیا، چەنیان، زیلان، شیسەلمین، تیادێرێ، ئەردەوێل، ناوچەلا، دری، ستونی، هەرکی، بێداو، کی سەرو، کی خوارو، زرگەت، گێمدا، هوپە، زێت، بێچەنێ، کەونەزێت، هاورا، پلارا، بەنان، ئەرگۆش، بزینا، کانگ ماروک، مامشرین، تولاخ، مەمیدان، ئیردان، سری، ئالکا، کۆلەکای نوێ، ئیومارا، زۆرەگڤان، سفتی، هەرت، قەندی، تور، بیکرس، دریوتکی، وەساکا، کۆلەکای کۆن، ناڤدار، سەرکفری، بویە، بیراکەپرا، توریشک، زیوە).
باری کۆمەڵایەتی:
پێک هاتەی قەزای مێرگەسۆر کە هەموویان بە بارزانی دەناسرێن لەعەشیرەتەکانی (شێروانی، مزوری، گەردی، دولەمەری، بەرۆژی، نزاری و هەرکی بنەجی) پێکدێن، بە رێژەی ٪٩٩ لە ئایین موسڵمانن و ٪٠.٠١مەسیحین، کە لە گوندی بێدیال نیشتەجێن، ئەو گوندە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە کەلە مێژووی کەنیسەکەی دیارە، ئێستاش ئاوەدان کراوەتەوە.