ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای كاڤین گرووپ زکری بەشیر، بەرپرسی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بەهرام عەریف یاسین، حەسەن حەدۆ فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران، بەرپرسانی حزبی و حکومی، كەسایەتیی و ریش سپی و پیاوماقوڵان لە مەراسیمێكدا بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی دەروازەی ناحیەی دیانا لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دانرا.
پڕۆژەكە لەسەر راسپاردەی رێزدار (مەسرور بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ژێر چاودێری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی زیاتر لە (2) ملیار و 800 ملیۆن دینار لە لایەن کاڤین گروپەوە جێبەجێ دەكرێت.
لە وتەیەکدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ دەربڕینی رەزامەندی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە ستراتیجیە.